میترۆ، سلێمانى
خانەى میدیاى عێراقى لەدوەمین راپۆرتى خۆیدا رایدەگەیەنێت، لەمانگى کانونى دوەمى رابردودا چاودێرى بەرهەمى ئەو راگەیاندنانەى کردوە کە کارى هاندانیان کردوە دژ رۆژنامەنوسانى عێراقى بەهۆى راوو هەڵوێستە رۆشنبیرى یان سیاسیەکانیان.
دەشلێت، یاسا کارپێکراوە عێراقیەکان هاندانى بەوە پێناسە کردوە کە "دروستکردنى بیرۆکەى تاوانێک و دواتر پشتیوانیکردنیەتى تا ببێتە نەخشەى ئەنجامدانى".
هاندان، هەموو چالاکیەکى خۆکردە دەگرێتەوە کە ئامانج لێى هاندانى تاک یان گروپەکانە بۆ ئەنجامدانى کارێک کە ببێتە هۆى رودانى تاوان.
دەشڵێت، لەسەرەتاى ساڵى 2015ەوە رۆژنامەنوسانى عێراقى و چالاکوانانى کەرتە سیاسى و ئابورییەکان روبەڕوى "بانگەواز"و مادەى رۆژنامەوانى بون کە بەشێوەیەکى راستەوخۆ بۆ هاندانى توندوتیژى و سەرکوتکردنێکى رونى ئازادى رادەربڕین دەخرێتەڕو.
خانەکە روماڵى ئەو هاندانانەى لەم خاڵانەدا باسکردوە:
یەکەم: راپۆرتێکى رۆژنامەنوسى روبەڕوى هاندان دەبێتەوە
رۆژنامەنوس، ئەفراح شەوقى، پەیامنێرى رۆژنامەى شەرقل ئەوسەت لەبەغداد روبەڕوى جۆرێک لەجۆرەکانى هاندانى ئاشکرا بوەوە، بەهۆى بڵاوکردنەوەى رێپۆرتاجێک لەسەر ئەو لافیتە رەشانەى تایبەت بەچەکدارە خۆبەخشەکانى ناو هێزەکانى حەشدى شەعبى دەنوسرێت.
شەرقل ئەوسەت لەژمارەى رۆژى 18ى کانونى دوەم راپۆرتێکى پەیامنێرەکەى لەبەغداد لەژێر ناونیشانى "لافیتەکانى ماتەم.. دیاردەیەکى تر لەدیاردەکانى بڵاوبونەوەى میلیشیا چەکدارییەکان لەعێراق" بڵاوکردوەتەوە کە تیایدا باس لەوەدەکات، سەرەڕاى ئەوەى وەزارەتى ناوخۆ داواى هێشتنەوەى چەک لەدەستى دەوڵەت و رێگەگرتن لەدیاردە چەکدارییەکان دەکات، ئەو هەڕەشانەى روبەڕوى وڵات بوەوە زەمینەیەکى گونجاوى دروستکرد بۆ گەڕانەوەى دیاردەى میلیشیا چەکدارەکان، لاى خۆشیانەوە هەندێک لەبەغدادییەکان نیگەرانن لەگەورەبونى دەسەڵات و هێزى ئەو میلیشیایانە لەسەر حسابى هێزە حکومییەکان.
لەپاش ئەو راپۆرتە سایتى "المسلە" لە 23ى کانونى دوەم راپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت "ئەو رۆژنامەنوسە رێز لەهەستى گەلى عێراق و خوێنى ئەو شەهیدانە ناگرێت کە عێراق و ئافرەتانى عێراقیان پاراست (...) داوا لەسەندیکاى رۆژنامەنوسان دەکەن لێپێچینەوە لەو رۆژنامەنوسە بکات کە لەبەرژەوەندى سعودیە کاردەکات".
دوەم: بانگەوازى هاندانى راستەوخۆ
لە 25ى کانونى دوەمى 2015 کەناڵى "العراق الان" زنجیرەیەک بانگەوازى دژ بەرۆژنامەنوسانى عێراقى بڵاوکردەوە کە وشەو دەستەواژەى هاندانى بەشێوەیەکى راستەخۆ لەخۆگرتبو، بەهۆى راو هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشکردنەسەر گۆڤارى "شارلى ئیبدۆ"ى فەرەنسى
بانگەوازى کەناڵەکە لەژێر ناوى "زیاد ئەلعجەیلى (راگەیاندنکارو بەڕێوبەرى روانگە ئازادییە رۆژنامەنوسیەکان) دەڵێت وێنەکانى سوکایەتى بەپەیامبەر ئازادى رادەربڕینە". دەشڵێت "هاوسەرى عجەیلى (کە رۆژنامەنوسە لەئێزگەى مۆنتیکارلۆ، ئەمەل سەقەر) چاوپێکەوتنى بۆ سازدەکات تا هاوخەمى بۆ رۆژنامەنوسە فەرەنسییە سوکایەتیکەرەکان بەپەیامبەر دەرببڕێت".
لەبانگەوازێکى ترى هەمان کەناڵدا هاتوە "رۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان داوا لەسەرۆک وەزیرانى عێراق، حەیدەر عەبادى و داواکارى گشتى دەکەن سکاڵایەکى یاسایى دژى عجەیلى و هاوسەرەکەى بجوڵێنن".
سێیەم: هاندان بەقۆرغکردنى دامەزراوەیەکى ئاینى
لە 6ى کانونى دوەم سایتى (براسا نیوز) وتارێکى بەناونیشانى "کاتێک راگەیاندن ئەخلاق وندەکات... عەدنان تائى وەک نمونە" بڵاوکردەوە کە لەلایەن پیاوێکى ئاینى بەناوى، شێخ عەبدولحافز بەغدادى ئەلخوزاعى نوسراوە. جگە لەوەى سایتێکى تر بەناوى "الناێریە الیوم" وتارێکى لەچوارچێوەى ئەو هەڵمەتى هێرشانەدا بڵاوکردەوە کە دەکرێتەسەر بێژەرى کەناڵى "دیجلە" عەدنان تائى، بەهۆى ئەو وتوێژانەى لەبارەى دۆسیەى "هەرێمى بەسڕە" لەبەرنامەیەکى گفتوگۆدا کە ئەو پێشکەشیدەکات خستویەتیەڕو کە تیایدا بەسوکایەتیکردن بە "بەسڕە" تۆمەتبارى دەکەن.
لەکاتێکدا تائى لەمیانەى جریوەیەکدا لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو ناتێگەیشتنە روندەکاتەوە کە رویداوەو دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژى لەلایەن منەوە بۆسەر خەڵکى بەسڕە روینەداوە".
هاوکات سایتى "المسلە" لە 10ى کانونى یەکەم راپۆرتێکى بڵاوکردەوە لەژێر ناوى "کەربولى کەناڵى دیجلە دەکاتە سەکۆیەک بۆ پیاوانى ئاینى لادەر لەگەڵ داواکارى بۆ پێشکەشکردنى داواى لێبوردن لەمەرجەعیەت" کە تیایدا رەخنە لەبێژەر عەدنان تائى دەگرێت و دەڵێت "دژى حەشدى شەعبى" کاردەکات.
زانراوە کە تۆمەتبارکردنى رۆژنامەنوس بەسوکایەتى "بەمەرجەعیەتى ئاینى" یان "هێزەکانى حەشدى میللى" (وەک ئەوەى روبەڕوى ئەفراح شەوقى دەبێتەوە) کاریگەرى مەترسیدارى دەبێت لەسەر ژیانى رۆژنامەنوس و ئاسایشیەوە بەهۆى تێکەڵکردنى روماڵى رۆژنامەوانى بەدەستەواژەى ئاینى لەلاى کۆمەڵگا. ئاراستەکردنى ئەم تۆمەتەش لەرێى هۆکارەکانى راگەیاندنەوە، جۆرێکە لەجۆرەکانى هاندان.
چوارەم: هاندانى ئاشکراء جەماوەر
میدیا ناوخۆییەکان بابەتى رۆژنامەنوسى وایان بڵاوکردوەتەوە کە هاندانى راستەوخۆ لەخۆدەگرێت، وەک پەیام بۆ جەماوەر لەکاتێکى سیاسى و ئەمنى وادە کە دابەشکارى و توندڕەوەى تایفى و ئاینى لەترۆپکدایە.
لەکاتێکدا ئەوە زانراوە کە هاندانى ئاشکرا بەشێوەیەکى سروشتى لەلایەن هەندێک لەوەرگرانەوە کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە تا دەگاتە ئاستى تاوان.
بۆیە خانەى میدیاى عێراق لەراپۆرتى دوەمیدا تێبینى جدى هەیە لەسەر نائامادەیى بنەماکانى کارى پیشەیى و بنەماى ئەخلاقى لەژورى هەواڵ و سەرچاوەکانى بەرهەمى راگەیاندن لەعێراق هەیە.
پوختە
خانەى میدیاى عێراقى پێیوایە بەکارهێنانى وشە بۆ "هاندان" یان قۆرغکردنى هۆکارەکانى راگەیاندن بۆ پێشکەشکردنى زانیارى ئاراستەکەر دژ بەتاک و کۆمەڵەکان پێشێلکردنێکى رونى بنەماکانى هەڵسوکەوتى پیشەییە.
دوپاتیشیدەکاتەوە ئەو رۆژنامەنوسانى رۆڵە پیشەییەکەیان بۆ هاندانى جەماوەر بۆ ئامانجێکى کەسى یان هاندان و بەئامانجگرتن بەشێوەیەکى ئاشکرا بەکاردەهێنن، لەو متمانەیە دەدەن کە جەماوەرى وەرگر پێى بەخشیون.